شەممە لە هەرێم یەکەم رۆژی رەمەزانە

 
بە پشتبەستن بە لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان، وەزیری ئەوقافی هەرێم رایگەیاند " سبەی شەممە ١ ی ئزار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە هەولێررایگەیاند، "ئەمڕۆ هەینی لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆبووەوە و دوای پرۆسەیەکی وردی چاودێریکردن، دەرکەوت مانگ بە بەڵگەوە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بیندراوە، بۆیە بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان رایدەگەیێنێت کە سبەی شەممە ١ ی ئازار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزە."

وەک هەموو جارێکی تر ئەمساڵیش هەرێم بە پێچەوانەی ناوچە شیعەکانی عێراقەوە، لەگەڵ وڵاتی سعودیەدا دەستپێکردنی مانگی رەمەزانی راگەیاندو پیشتر دادگای باڵای سعودیە رایگەیاندبوو لە ئاسمانی وڵاتەکەیان مانگ بیندراوەو شەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.

پێشبینی دەکرێت ئێران و شیعەکانی عێراق رۆژی یەک شەممە بکەن بە یەکەم رۆژی رەمەزان، هەمیشە لە دیاریکردنی ئەو رۆژەدا سونەکان بەڕۆژێک پێش شیعەکان دەکەون.




PM:07:23:28/02/2025