شەوی رابردو هێزەئەمنییەکان لە سلێمانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ٣ رۆژنامونووس و دەستگیریان کردن، تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و هێزە ئەمنییەکان هیچ راگەیاندنێکیان بڵاونەکردۆتەوە.
درەنگانی شەوی رابردو ١-٢ ئازار، لە سلێمانی هێزێكی ئەمنی چونەتە سەر ماڵی هەریەكە لە رۆژنامەنوسان بەشدار بازیانی و نەبەز شێخانی و دانا ساڵح دەستگیریان كردون.
نەبەز شێخانی لە پێگەی تودەی نیوز سەربە رەوتی هەڵوێست كاردەكات و هاوكات لەگەڵ دو رۆژنامەنوسەكەی دیكە لە پێگەی میدیا ٢١ كاردەكەن. دانا ساڵح مامۆستای زانكۆی سلێمانیشە.
کوردە شێخانی خوشکی رۆژنامەنوس نەبەز شێخانی بە سپی راگەیاند " هێزە ئەمنییەكە نزیكەی سەعات ١ی شەو هەڵیانكوتاوە سەر ماڵی رۆژنامەنوسەكە و پێیان وتوە لەگەڵیان بڕوات بۆ لێكۆڵینەوە دوای نیو سەعات دەیگەڕێننەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا چارەنوسی نادیارە". وتیشی " هێزە ئەمنییەكە مۆبایل و كەرەستە رۆژنامەوانییەكانی رۆژنامەنوسەكەشیان لەگەڵ خۆیاندا بردوە".
تا ئێستا هیچ زانیارییەک بە فەرمی لە چارەنوسی ئەم رۆژنامەنووسانە بە کەسوکاریان نەوتراوە.
بەپێی زانیارییەکانی " سپی " کێشەکە دەستگیرکردنەکەیان لەسەر پێگەی تودەی نیوز نییە کە سەر بەرەوتی هەڵوێستە، بەڵکو لەسەر میدیا ٢١ ە کە تازە دامەزراوەو نازانرێت سەر بە کێییە.