وەزارەتی نەوتی عێراق داوای کۆبونەوە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەپیکور دەکات

وەزارەتی نەوتی عێراق بانگهێشتی کۆمپانیاکانی ئەپیکور و وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات سەردانی بەغداد بکەن، بەمەبەستی کۆبونەوە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی گرێبەستەکانەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، بانگهێشتی کۆمپانیا بیانییە جیهانییەکانی سەر بە ئەپیکور و  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە بەغداد ئامادەبن.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەر سێ لایەن بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە گرێبەستەکانەوە هەیە کۆ دەبنەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە خزمەت بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بکات.

ئەوە لە کاتێكدایە، دوێنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند"لە ماوەی چەند کاژمێری داهاتودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن، بەڵام هەشت کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان رەتیان کردەوە نەوت هەناردە بکەن، تا رێککەوتن نەکرێت بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان". 




PM:02:25:01/03/2025