حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا دەڵێت"هەمیشە باوەڕمان بە رێگەچارەی ئاشتییانە وەکو باشترین بژاردە هەبوە"، دەشڵێن" هیوادارن پرۆسەی ئاشتی بە دڵخوازی هەر دو گەلی کورد و تورک بێت".
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە راگەیەنراویکدا وێرای پێشوازی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان جەخت دەکەنەوە لەوەی پێویستە، ئەو پرۆسەیە بە باشترین شێوە رەوتی یاسایی و ئاسایی خۆی وەربگرێت.
لە راگەیەنراوەکەی حدکا هاتوشە"بە چاوی ئەرێنی لەو بابەتە دەڕوانن و هیوادارن ئەم پرۆسەیە ئەنجامی دڵخوازی هەردو گەلی کورد و تورکی لە تورکیا لێ بکەوێتەوە".
حدکا لە راگەیەنراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی هەمیشە باوەڕیان بە رێگەچارەی ئاشتییانەیە وەکو باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.