سەدان پێشمەرگە بە فەرمی چوونە ناو سوپای عێراقی

زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی سەر بە لیوای شەنگالی هێزەکانی ٨٠ لە نارەزایەتی دەربڕین بە جیاکاری و مامەڵەی جیاوازی لایەن بەرپرسانی هەڕێم، ڕایانگەیاند چوونەتە ناو سوپای عێراق.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ۱ی ئادار ژماریەک ئەفسەر و پلەداری لیوای شەنگالی سەربە هێزەکانی ٨۰ی وەزارەتی پێشمەرگە لە گۆڕەپانی تەحریر لە شاری بەغدا جیابوونەوەی خۆیان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند و چوونە پاڵ حکومەتی عێراق.

ئەفسەرەکان بەناوی هەزار و ۲۰۰ پلەدار و پێشمەرگەی ئێزیدی لیوای شنگالەوە ڕایانگەیاند "دژی جیاکاری و مامەڵەی جیاوازی هەرێم لەگەڵ ئێزیدیەکان بڕیاری جیابوونەوەیان لە پێشمەرگە داوە و دەیانەوێت پەیوەندی بەهێزە عێراقیەکانەوە بکەن".

ئەو پێشمەرگانەی جیابوونەوەیان ڕاگەیاندووە بەشێکن لە لیوای شەنگال و قاسم شەشۆ فەرماندەیانەو لە مەزارگەی شەرەفەدینی ئێزیدیەکان لە چیای شەنگال جێگیرکراون، بەڵام قاسم شەشۆ لەگەڵ پێشمەرگە جیابووەوەکاندا نییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بۆ یەکەمجارە بەشێوەیەکی فراوان و ڕێکخراو ژمارەیەک پێشمەرگە جیابوونەوەی خۆیان لە هەرێم ڕادەگەیەنن و بەفەڕمی دەچنە پاڵ عێراق.




PM:04:14:01/03/2025