هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەپێداوە". دەشڵێت" لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لە چەند بەرەیەک لە بەنداوی تشرین هەشت چەکدار کوژراون و پێنجی دیکەش برینداربوون".
هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، ئەمڕۆ شەممە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دوێنێ هەینی خێرایی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەپێداوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەرەی بەنداوی تیشرین، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەردەوام بوون لە دەستپێکردنی زنجیرەیەک هەڵکوتانە سەر لادێکانی بەنداوی تیشرین، هاوکات لەگەڵ تۆپبارانی تۆپخانە قورسەکان.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی هێرشەکان هەشت چەکدار کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، دوێنێ (هەینی) هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد کرد.
لە بەنداوی تشرین؛ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، زنجیرە هێرشەکانی خۆیان بۆسەر بەنداوی تشرین بەردەوام کرد، لە هەمان کاتدا بە قورسی ناوچەکەیان تۆپباران کرد، فڕۆکە جەنگییەکان بە درێژایی شەوی پێنجشەممە بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر ناوچەکە، هێرشەکە تا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٥:٠٠ بەردەوام بوو، شوێنی کرێکاران و دەوروبەریان تۆپباران کران و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.
چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری فڕۆکە و تۆپ هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان لە دەوروبەری گردی سیراتەل، شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و شەڕ درووستبوو، لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا.
لە بەرەی ئەبو قەلقەل-گردی سیراتەل، چەتەکان جارێکی تر هێرشیان کرد، شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و شەڕێکی قورس ڕوویدا، لە هێرشە شکستخواردووەکەدا، چوار چەتەکە کوژراون و پێنجی دیکەش برینداربوون، چەتەکانی دیکەش لە ناوچەکە هەڵاتن.
لە گوندی عەشانەش، چەتەکان هێرشی سێیەمیان ئەنجامدا و جارێکی دیکە شەڕڤانان وەڵامیان دایەوە و شەر درووستبوو، لە ئەنجامدا سێ چەتە کوژران.
بەرەی قەرەقۆزاق؛ دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق بە تۆپ، تانک، مووشەک، هاوەن بە چڕی تۆپباران کرا، لە چوارچێوەی هێرشەکاندا گوندەکانی تینا، جادە، بیرۆ هسۆ، خەسەق، مەلها و سنا، گردی سێڤێ و قەرەقۆزاق بە زیاتر لە ٦٠ گولـە تۆپباران کران و لە ئەنجامدا زیان گەیشت بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان.
دوێنێ بە درێژایی ڕۆژ، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی کۆبانێ و گوندەکانیدا و عەین عیسادا دەسووڕانەوە.
ئاماری دوێنێ: هەشت چەتە کوژراون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.