"بە ناچاری جیابوونەوەی خۆمان لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ڕاگەیاندووە"

فەرماندەی ئەو هێزە ئێزیدیەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە مەیدانی تەحریری بەغداد جیابوونەوەی خۆیان لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ڕاگەیاند دەڵێت" بە هۆکاری پشتگوێخستن و ئیهانە پێکردنیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و بێ هیوابوونیان لە هەرێم بە ناچاری جیابوونەوەی خۆیان لە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ڕاگەیاندووە". 

عەقید لوقمان گلی فەرماندە و سەرپەرشتی هێزە جیابووەوەکە، ئەمڕۆ شەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" سەرباری ئەوەی ئێمە وەک هێزێک بەشداری شەڕی داعشمان کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥ فەرماندەییەکمان دروستکرد کە لە ١٤ بەتایۆن پێکهاتبوو، دواتر وتیان دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەویش نەکرا، دواتر هەر ڕۆژە و فەرمانێکی جیاواز لەبارەی هێزەکەمانەوە دەدرا، بەڵام هەر نەکراین بە فەرمی، چەندین جار لە دەرگای لق و ناوچە و هێزەکانی پێشمەرگەماندا، بەڵام سودی نەبوو، بۆیە بە ناچاری بڕیارماندا جیابوونەوەی خۆمان ڕابگەیەنین و ڕوو بکەینە بەغداد". 

وتیشی" هێزەکەمان پێکهاتووە لە ١٠ ئامر بە تالیۆنین کە لە ساڵی ٢٠١٤ پلەیان عقید بووە، لەگەڵ ٢٦ ئامر سریە کە پلەیان مقدمن جگە لە وە ئەوانەی تر ئەفسەر و پێشمەرگەی ئاسایی، ئێمە پارتی بووین، من خۆم کارگێر ناوچەبووم، ١٧ ساڵە پارتیم، بەڵام وەک ئێزیدی هیچیان بۆ گەلی ئێمە نەکرد، واتە ئیهانە دەکراین بۆیە ئەم بڕیارەماندا". 

ئەو فەرماندەیە ڕاشیگەیاند" کوردستانمان بەجێهێشتووە بە خۆمان و خێزانەکانمانەوە ٧٠٠ خێزان ڕۆشتوون و ٥٠٠ خێزانی ترمان ماوە، کە بەمزووانە هەرێم بەجێدەهێڵێن بە تەواوی". 

لای خۆشییەوە لیوا محەمەد سابر هەمەوەندی شارەزای سەربازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" جیابوونەوەی ئەو هێزانە پیلانە و هۆکارەکەی دەستێوەردانە لە هەرێمی کوردستان و دەستە لە پشت ئەم پرسەوە، هاوکات لێدانە لە کورد و لە زۆنی زەردیش، بۆیە بابەتەکە بە سیاسی دەبینم نەک سەربازی، ئەمانە کۆمەڵێک خەڵکی بەرژەوەندیخوازن و دەلالەت لە کۆمەڵگەی ئێزیدی ناکەن کە کیانێکی کوردن". 

دەشڵێت" لە ڕووی سەربازیەوە ئەوە هەڵگەڕانەوەیە (تەمەڕۆدە)، واتە هەڵگەڕانەوە لە سیستەم و یاسای سەربازی و یاسای هەرێم، بۆیە دەبێت بە یاسای سەربازی سزا بدرێن ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێن، حکومەتی عێراقیش لەبەر ئیعتیباری هەرێم نە دەبوو قبوڵیان بکات". 

لوقمان گلی دەلێت" وەزرەتی بەرگری عێراق پێشوازی لێکردین دوو سبەی کۆبوونەوەمان لەگەڵ سودانی هەیە، وە لەگەڵ فایق زێدان و مەرجەعی سیستانیش پێشوازیمان لێدەکات و کۆدەبینەوە". 





PM:09:18:01/03/2025