سەرۆک کۆماری تورکیا دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ئەمڕۆی پەکەکە هۆشداری دەدات لەوەی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێدەکاتەوە، ئەگەر پرۆسەی داماڵینی چەک ڕانەگرێت یان ئەگەر بەڵێنەکان جێبەجێنەکرێن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمشەو شەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند" دەستپێشخەرییەکەمان لە ڕۆژی ڕابردووە، چووە قۆناغێکی نوێ و ئەوە دەرفەتێکی مێژووییە کە بۆ هەزار ساڵی داهاتوومان هەنگاوێکی مێژوویی بنێین و دیوارەکانی تیرۆر بڕوخێنین".
سەرکۆماری تورکیا دەشڵێت" هیچ تاکێک لە ناو کورد و تورک لەو کەسە خۆش نابێت کە بیەوێت وەک ڕابردوو بە قسەی لادەرانە و کردەوەی نابەجێ، ئەو ڕەوتە بخاتە بنبەستەوە".
ئەردۆغان ڕاشیگەیاند" ئەگەر ئەو بەڵێنانەی پێیانداوین جێبەجێینەکەن و پرۆسەی داماڵینی چەک ڕانەگرن چیتر بەزەییمان نابێت و ئۆپراسیۆنەکانمان دەستپێدەکەینەوە".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە شەڕی دژی دەوڵەتی تورکیا ئاگربەستی ڕاگەیاند.
جەختیشی کردەوە، دەستپێکردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە هەنگاوێکی زۆر گرنگە، بەڵام بەدەستهێنانی سەرکەوتووانە هێندە گرنگترە، جەختیشی کردەوە کە" پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاستەوخۆ پابەندە بەم بانگەوازە، و بەپێی پێویستی و پێداویستییەکانی هەنگاو دەنێت".
ڕاشیگەیاند" پەکەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێی خەبات، بە سوودوەرگرتن لە دیدگای ستراتیژیی ئاپۆ و ئەزموونی مێژووی حیزب، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی سیاسی دیموکراتیکەوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات".