سەرۆکی گشتی مەهەپە لە پەیامێکدا ڕایدەگەیەنێت" پەیامەکەی قەندیل تەواوکەری بانگەوازەکەی ئۆجەلانە".
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، ئەمڕۆ شەممە سەبارەت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پەیامەکەی ئۆجەلان گرنگ و بەهادارە".
سەبارەت بە پەیامەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی پەکەکە، باخچەلی دەڵێت" پەیامەکەی قەندیل تەواوکەری بانگەوازەکەی ئۆجەلانە".
سەرۆکی مەهەپە ڕاشیگەیاندووە" مەحاڵە ڕێگە بە تێکدانی برایەتی کورد و تورک بدرێت".
دەوڵەت باخچەلی وتیشی" بەختەوەرین کە لەسەردەمێکی ئەوندە پیرۆزداین کە تیایدا جیاوازییە بێ بنەماکان، لێکتێنەگەیشتنە دەستکردەکان و هەڵە تێگەیشتنەکان لە ژیانماندا ڕیشەکێش دەکرێت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی گشتی مەهەپە دەڵێت" ئاواتەخوازم لە ژێر سێبەری کردەوەی چاک و ڕەوشتی پاک وڵاتەکەم سەرانسەر ئارامی و ئاسایش و برایەتی بە خۆیەوە ببینێت".
ئێوارەی ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە دەم پارتی دەقی نامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە و تێیدا ئۆجەلان داوای لە پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكە كرد، كۆنگرەی گشتی ببەستن و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە بدات.
هەروەها داواشی کرد پەکەکە گوێڕایەڵی بانگەوازەکەی بێت و بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆ گرت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش لە وەڵامی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پارتی کرێکارانی کوردستان ئاگربەستی ڕاگەیاند و وتی" تاوەکو ئەو کاتەی هێرشنەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان کردەوەی چەکداری ئەنجام نادات".
ڕاشیگەیاند" پەکەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێی خەبات، بە سوودوەرگرتن لە دیدگای ستراتیژیی ئاپۆ و ئەزموونی مێژووی حیزب، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی سیاسی دیموکراتیکەوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات".