پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە ناسر هیمەتی وەزیری ئابوری و دارایی وەرگرتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران لە کۆبوونەوەی سەرلەبەیانی پەرلەمانی ئێران لە کۆی ٢٧٣ئەندامی پەرلەمان ١٨٢یان دەنگیان بە دورخستنەوەی وەزیری ئابوری دا.
ئەندامانی پەرلەمانی ئێران وەزیری دارایی و ئابوریان تۆمەتبار کرد بەوەی نەیتوانیوە هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکات و بەهای تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلار بە رادەیەکی بەرچاو دابەزیوە
لای خۆیەوە مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبونەوەکەدا بە توندی بەرگری لە ناسر هیمەتی وەزیری ئابوری و دارایی کرد و داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد متمانە بە وەزیری دارایی بکەن و لەکارەکەی دوری نەخەنەوە.
بەرلەوەی پەرلەمانیش متمانەی لێ وەربگرێتەوە، ناسر هیمەتی داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد لەبری دوژمنایەتی پاڵپشتی حکومەت بن، وتیشی گەندەڵی زۆربەی بەشەکانی حکومەتی گرتوەتەوە و چارەسەرکردنی قەیرانەکان پێویستی بە پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە.