پەروەردەی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا هۆشداری دەدات بە مامۆستایان لە ئەگەری ئەوەی دەوام نەکەن بە نەهاتوو هەژمار دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی ئادار پەروەردەی سلێمانی لە ئاگادارکردنەوەیەک کە بۆ بەڕێوەبەری پەروەردە و خوێندنگە و باخچەکان ناردووە دەلێت"هەر مامۆستایەک دەوام نەکات بە"نەهاتوو" هەژمار دەکرێت."
لەمبارەیەوە سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندوە: "ئەو ئاگادارییە تایبەتە بە پەروەردەکانی سنووری سلێمانی".
نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە رێگەی گرووپی "واتسئەپ"ـەوە ئاگادارکردنەوەکەی ناردووە، هەر بەڕێوەبەر و یاریدەدەرێک ئامادەی دەوام نەبوو هەروەها مامۆستاکانی لە دەوام ئاگادارنەکردەوە، ئەوا دەستەی کارگێڕی ناوەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان بەرزدەکاتەوە و رێوشوێنیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هەروەها هەر مامۆستایەکی میلاک ئامادەی دەوام نەبوو بە نەهاتوو ناوی دەنووسرێت و هەر مامۆستایەکی گرێبەستیش ئامادەی دەوام نەبوو بەهەمان شێوە بە یاداشت ناوەکەی دەدرێتە پەروەردە بەمەبەستی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاندبوو، لەسەدا ٥٠% مامۆستایان لە خوێندنگە و قوتابخانەکان دەوام ناکەن.