فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنن" دەسەڵاتداران بەردەوامن لە بێ رۆڵكردنی دامودەزگای شەرعییەكانی هەرێم".
ئەمڕۆ یەکشەممە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویانکردەوە" بە نیگەرانی زۆرەوە دەڕوانینە ئەو دواخستنەی پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی لیژنەکانی کە وەرزی یاسادانان لە سەرەتای مانگی ئازارەوە دەستپێدەکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" دەسەڵاتداران ئەم وەرزی یاسادانانەیان کردە قوربانی میزاجی خۆیان و بەردەوامن لە بێ ڕۆڵکردنی دامودەزگا شەرعییەکانی کوردستان".
دەقی راگەیەندراوەكە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان بەنیگەرانی زۆرەوە دەڕوانینە ئەو دواخستنەی پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی لیژنەکانی، کە وەرزی یاسادانان لەسەرەتای مانگی سێوە دەستپێدەکات و پەرلەمان لە 2-12-2024 یەکەم دانیشتنی خۆی گرێداوەو دەبو دەستەکەش لەهەمان ڕۆژدا هەڵبژێردرایە.
ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتو بۆ ئەم وەرزی یاسادانانە کۆمەڵێك پێشنیازە یاساو پێشنیازە بڕیارمان ئامادەکردوە کە هەمویان لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن، بۆ ئەوەی پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانیان بکەین.
بەداخەوە دەسەڵاتداران ئەم وەرزی یاسادانانەیان کردە قوربانی میزاجی خۆیان و بەردەوامن لە بێ ڕۆڵ کردنی دامودەزگا شەرعییەکانی کوردستان، خەتایەکی گەورە بو ئەو هێزانەی پێکهێنانی حکومەتیان لە ئەستۆیە، دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانیان لەگەڵ حکومەت کردوەتە یەک پاکێج؛ ئێمە ئۆباڵی لەدەستدانی وەرزێکی یاسادانان دەخەینە ئەستۆی هەمو ئەو لایەنانەی کە بەرپرسن لە پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی و کۆبونەوەی پەرلەمانیان بەکراوەیی هێشتەوە.
فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامیی لەپەرلەمانی کوردوستان
2/3/2025