تورکیا: بۆری نەوتی به‌نده‌ری جه‌یهان زیاتر لە ساڵێکە ئاماده‌یه‌

وەزیری وزەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت" وڵاتەکەی هەوڵ دەدات بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بە زۆرترین توانای خۆی کاربکات".  هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە بۆری نەوتەکە زیاتر لە ساڵێکە ئامادەیە.

ئاڵپ ئارسلان به‌یره‌قدار وەزیری وزەی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بۆرییەکە ماوەی ساڵ و نیوێکە ئامادەیە و دەمانەوێت هێڵی بۆری تورکیا و عێراق بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی ئەو دوو بۆرییەی کە درێژییەکەیان ٦٥٠ کیلۆمەترە لە سیلۆپیەوە بۆ جەیهان". 

وەزیری وزەی تورکیا وتیشی" ئێمە دەمانەوێت بەشێک لەو نەوتەی بەم بۆرییە تێدەپەڕێت بۆ پاڵاوگەی قه‌رق عه‌لعه‌، هەروەها بە کەشتی لە ڕێگەی جەیهانەوە بچێتە پاڵاوگەکانی تورکیا یان بۆ پاڵاوگە جیاوازەکانی جیهان، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو بۆرییە بە زۆرترین توانای کەڵک وەربگیرێت". 

ئاڵپ ئارسلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پڕۆژەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ ڕێڕەوێکی بازرگانی کە تورکیا و عێراق لە خۆدەگرێت، بە ناوی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، بریتییە لە دروستکردنی بۆرییەک کە دەگاتە کەنداو، بۆ ئەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە بچێتە بازاڕە جیهانییەکان". 

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی (شرق الاوستی) راگەیاند" ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسان لە بارەگای وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامداوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئەو پرسانەی پەیوەستن بە کاری کۆمپانیاکانەوە تاوتوێکراون.



PM:10:43:02/03/2025