"ئێران ١٥١ بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لەسەر سنوری هەرێم دروستکردووە"

ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕایدەگەیەنێت" کۆماری ئیسلامی ئێران ١٥١ بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە". 

کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە ١٥١ بنکەی دروستکردووە، لە کاتێکدا تورکیا ٧٤ بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناوە". 

دەشڵێت" ئێران بە قوڵایی ٥ بۆ ١٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە، بەڵام تورکیا ٣٥ کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە". 

لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جم و جۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت. 
 
بەپێی وتەی بەرپرسانی پاسەوانی سنوری عێراق، ئێران و تەنانەت عێراقیش رەبیەو خاڵی سەربازییان لەو ناوچانە دروستکردووە کە بە (سفری حدودی) ناسراون و سنوری دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تر جیادەکەنەوە، هەرچەندە نابێت خاڵی سەربازی ببرێتە ئەو شوێنانە.



AM:08:32:03/03/2025