سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر دانانی قەیوم لە شارە کوردییەکان دەڵێت" ئەوە تێکدانە، لەوانەیە هەوڵی دیکەش ڕووبدات".
تونجەر بەکرھان هاوسەرۆکی دەم پارتی، پرسی دانانی قەیومی لە شارە کوردییەکانی باکوری کوردستان لەگەڵ ئۆجەلان باسکردووە و دەڵێت" بۆ یەکەم جار ڕێبەر ئاپۆی بینیوە لە دوای ٢٦ ساڵ گۆشەگیری لە زیندانی ئیمرالی".
ھاوسەرۆکی دەم پارتی دەشڵێت" لە هۆلێک کۆبووینەوە ئۆجەلان هاوڕێیەکانی زیندانی بانگ کرد، بۆچوونی هەر کەسێکی وەرگرت".
بەکرهان ڕاشیگەیاند" ئۆجەلان کەسێکی زۆر دیموکراتە و بە وردی گوێی شل دەکرد کە باسی قەیومم کرد وتی ئەوە تێکدانە، لەوانەیە هەوڵی دیکەش ڕووبدات، بەڵام ئەو پێداگرە کە لەگەڵ بزوتنەوەکەی پێویستە ئەو پەیامە جێبەجێ بکات، باسی ئەوەی دەکرد کە بزوتنەوە دەکرێت ڕێک بخرێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ویستی ئەوەیە کە هەلومەرجەکە بگۆڕێت، دەیەوێ نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو دەرگایەک بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وتیشی" ئەو پەیامەی ئۆجەلان ئامادەی کردبوو، لە کۆتایی دانیشتنەکەماندا بوو، باسی لە جیهان و هەرێمەکە کرد، کاربەدەستانی دەوڵەت لەوێ بوون،بەرامبەر یەک دانیشتبووین بێ گومان زیندانە، دەرگا و پەنجەکانی بەپێی زیندان دروست کراوە، بەرێز ئۆجالان بەو تەمەنەوە (٧٥ ساڵ) ژیانێکی دیسپلینی هەیە، رۆژانە وەرزش دەکات، سەعاتی خوێندنەوە و نووسینی پلانکردووە و بەردەوام دەخوێنێتەوە و تێبینی دەنووسێت، کاربەدەستانی زیندانەکەش دەلێن تا ئێستا کەسمان نەبینیوە کە ژیانی هێندە بە دسپلین و بە پلان بێت، پێم سەیر بوو کە تەنیا لە چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنەوە، هێندە زانیاری هەیە و هێزی شرۆڤەی قووڵە".
ئەو پێی وتین" لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٩٩٢ چەکمان وەلاوە دەنا، لەم ٣٠ ساڵەی دواییەدا ئیتر بەکارھێنانی چەک دووبارەیە، کاتێ لەسەر ئەوە قاڵدەبوومەوە و زۆر نزیک بووینەوە لە چارەسەر بەڵام ئۆزال کوژرا، ئەربەکان هەوڵیدا و نامە گۆڕێنەوە لە نێوانماندا و هەنگاوی دەنا، لەسەر چارەسەر قاڵ دەبووینەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنیان لە بەرامبەر ئەویشکرد، پرسی کورد، پرسێکی وەهایە کە زەمینەکانی جێی متمانە نەبووە، تورکیا پرسی کورد چارەسەر نەکرد چ دەسکەوتی بەدەستهێنا".
وتیشی" گەرەتنی چارەسەری لە دیموکراسی و ئازادییدایە، باسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ڕۆڵی ژنی کرد لە شۆڕشدا لەسەر مێزی نانخواردن بینیم بۆ ماوەی چوار سەعات تەنیا نیوە دەسڕێکی بەکارهێنا، نیوەکەی تری خستە لاوە بەکاری نەهێنا، ئەو کەسێکی ئاوایە، ڕاستگۆ و جددیە و قال دەبێتەوە لە مەسەلەکاندا و بە جۆشەوە کار دەکات و قەناعەت بە بەرامبەرکەی دەکات".