بە تەمەنترین بارمتە لە زیندانەکانی حەماس گیانی لەدەستدا

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هاوڵاتییەکی بەساڵاچوو کە بە رەچەڵەک عیراقیە و بە تەمەنترین بارمتە بوو لەلای چەکدارانی حەماس، لە زیندانەکانی حەماس گیانی لەدەستدا". 

مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی پێشووی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، دوێنێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە" لە رێورەسمێکی جەماوەریدا لە ئیسرائیل کە چەندین خانەوادەی جووی بەرەچەڵەک کورد و عەرەب تێیدا ئامادەبون، تەرمی (شلۆمۆ مەنسور) ئەو هاوڵاتییە جووە عیراقیە تەمەن ٨٥ ساڵەی لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە لەلای حەماس بەبارمتە گیرابوو، بەخاک سپێردرا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شلۆمۆ مەنسور ساڵی ١٩٣٨ لە شاری بەغدا لە دایکبووە و لە پرۆسە بەدناوەکەی (فەرهود)ی جووەکان لە عیراق ساڵی ١٩٤١ ڕزگاری بوو بە تەمەنی سێ ساڵی گەیشتە ئیسرائیل و لەم رۆژانەی رابردوو لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان، حەماس لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان فەلەستینی زیندوو تەرمەکەیان تەسلیم بە ئیسرائیل کردەوە.

نەقشبەندی ڕاشیگەیاندووە" ئەم هاوڵاتییە بەساڵاچووە جووە ئیسرائیلیە بەرەچەڵەک عیراقیە بە تەمەنترین بارمتە بوو لەلای چەکدارانی حەماس و سەرەرای ڕجا و تکای لە چەکدارانی حەماس لە کاتی دەستگیرکردنیدا تا ڕێگەی بدەن دەرمانەکانی لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام رێگەیان نەدا دەرمانەکانی لەگەڵ خۆی ببات و دواتر لە کاتی بارمتەییدا لە زیندانەکانی حەماس گیانی لەدەستدا". 



AM:10:54:03/03/2025