کەمێک پێش ئێستا پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە ئێوارەی دوێنێ لە گەڕەکی سەرچنار "شۆفێرێکی ئەمبوڵانسی فریاکەوتنی شاری سلێمانی کوشت".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەو" دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی لە رووداوێكدا هاوڵاتییەك بە فیشەك كوژرا و تۆمەتبار هەڵات، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوە بۆ دۆینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەنجام توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە لە ماوەی كەمتر لە هەشت کاتژمێر تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، لە ئێستادا تۆمەتبار (خ، ئ، م) لە دایكبووی ساڵی (١٩٧٢) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
بەپێی زانیارییەکان، کوژراوەکە ناوی (جاسم کەریمە)، شۆفێری ئەمبوڵانس بووە لە فریاکەوتنی سلێمانی.