لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی ٨٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراون.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی ٨٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراون کە ناسنامەی ٨١ بەندکراو بە تەواوی زانراوە و بۆ ناسنامەی حەوت بەندکراوەکەی دیکە تائێستا بەدواداچوون دەکرێت.
هەر بەپێی ئامارەکەی ڕێکخراوی هەنگاو، لانیکەم سزای سێدارەی سێ ژن لە بەندیخانەکانی خوڕەمئاوا، ساری و شیراز جێبەجێکراون کە هەر سێکیان پێشتر "بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام لە مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ تۆمارنەکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداری بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێکراوە و بەندکراوێکیش لە شوێنی گشتیدا لەسێدارە دراوە.
هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لهو ٨٨ كهسهی له سێدارهدراون، ٢١ کەسیان كورد بوون كه دهكاته ٢٤%ی كۆی له سێدارهدراوان، هەروەها ١٤ بەندکراوی لوڕ لەسێدارە دراون کە ١٦.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان بوون.
ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی شوباتی ٢٠٢٤ لانیکەم ٧٨ حاڵەت واتا ٧٨٠٪ بەرزبووەتەوە، چونکە لە ماوەی مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ١٠ بەندکراو جێبەجێکرابوو.