سیپان شێروانی: بەغدا بەمزوانە مووچە رەوانەی هەرێم دەکات

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە بۆ مووچەی مانگی شوبات هیچ بەربەستێک نییە و بەم زوانە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت.

سیپان شێروانی، ئه‌ندامی لیژنەی ئابووریی په‌رله‌مانی عێراق، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" مووچەی مانگی شوبات هیچ بەربەستێكی لەپێشدا نییە و لە زووترین كاتدا بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت”.

باسی لەوەشکرد هەموو شتێك وەك پێویست بەرەوپێش چووە و وردبینیی لیستی مووچە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، چاوەڕوان دەكرێت تەمویل بنێردرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

سیپان شێروانی، جەختی كردەوە، لیستی مووچە بە سیستەمی (پەیرۆڵ) بۆ بەغدا نێردراوە و هیچ گرفتێكی نەبووە.

هاوکات لای خۆشییەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند" وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شوبات لە بەغدا بە باشی بەڕێوە دەچێت، ئەوەی وردبینی كراوە، كێشەی نەبووە، بەڵام تا دوێنێ وردبینی تەواو نەكراوە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ تەواو بكرێت و تەمویل بنێردرێت”.



PM:02:28:03/03/2025