ئەندامێکی پەرلەمانی عێڕاق وادەی چارەسەربوونی گرفتی مووچە ئاشکرا دەکات و دەڵێت" ئەگەر مووچەی مانگی شوبات بەبێ كێشە بۆ هەرێم بنێردرێت ئەمساڵ گرفتی مووچە نامینێت".
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بە میدیای یەکیتی ڕاگەیاندووە، چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا بەغدا مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، دواكەوتنیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە كەیەكەم مانگە لەدوای رێككەوتنی هەردوولا مووچە بۆ هەرێم بنێردرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە ئەگەر مووچەی مانگی شوبات بەبێ كێشە بۆ هەرێم بنێردرێت، بۆ مانگەكانی ئایندە تا كۆتایی ساڵ هیچ گرفتێك بۆ مووچە دروستنابێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە نزیکەی هەفتەیەک دەبێت حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی ڕەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام تا ئەم ساتە وردبینی لیستی مووچە کۆتایینەهاتووە و مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕێی مووچەی مانگی ٢ دەکەن، و چارەنووسی مووچەی مانگی ١٢ بەنادیاری ماوەتەوە.