مەسعود بارزانی لەگەڵ وەفدێكی هاوبەشی سێ حزبی باكوری كوردستان پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دوشەممە ٣ی ئازار، بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، وەفدێکی هاوبەشەكەی سێ حزبەی باكوری كوردستان، کە پێكهاتبون لە مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان و دۆزگین كاپلان، سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان و مەسعود تەك، جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "لەدیدارەكەدا بەوردی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە."
بارەگای بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە "هەر لەو كۆبونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەو بەتایبەت سوریا کرا" و مەسعود بارزانی دیدی خۆی بۆ وەفدە هاوبەشەكە لەبارەی "بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان" خستەڕو.
ئەوەش لە کاتێکدا پێشتریش وەفدێک کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا پیکهاتبوون لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوە.