وتەبێژی دەم پارتی داوای لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد، پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و دەشڵێت: ''چارەسەرکردنی پرسی کورد، واتە بەدیموکراسیبوونی تورکیا.''
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، رۆژی دووشەممە، ٣ی ئازار، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند: ''بانگەوازەکەی ٢٧ی شوبات لە هەموو جیهان دەنگیدایەوە، ئێمەش وەک دەم پارتی لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە؛ پاڵپشتی لەو بانگەوازە مێژووییەی بەڕێز ئۆجەلان دەکەین''.
وتەبێژی دەم پارتی وتیشی: ''بۆ ئەوەی پێویستییەکانی ئەم بانگەوازە جێبەجێ بکرێن و لەمەودوا پرۆسەکە بەخێرایی بەڕێوەبچێت، بۆ هەر ئەرک، بەرپرسیارێتییەک و دەستپێشخەرییەک ئامادەین و بەخۆشحاڵییەوە جێبەجێیدەکەین''.
دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە تورکیا و وڵاتانی جیهان کاردانەوەی زۆری بەدواداهات ''ئەمە دەرخەری ئەوەیە، پرسی کورد و کێشەی دیموکراسی لە تورکیا، کێشەیەک نییە تەنیا لە چوارچێوەی تورکیا سنووردار بێت''.
وتەبێژی دەم پارتی پاڵپشتیی لە ئاگربەستەکەی پەکەکە کرد و وتی: ''ئەم راگەیێندراوە دەرفەتەکە بەهێزتر دەکات، ئێمە تورکیایەکی پڕ لە گرژی و شەڕوپێکدادانمان ناوێت، تورکیایەکمان دەوێت، تێیدا شەڕ بەشێوەیەکی هەمیشەیی بنبڕ بکرێت و ئاشتیی هەمیشەیی بەقەرار بێت''.
دۆغان پێیوایە، لە ئاشتیدا کەس نادۆڕێت و لە شەڕیشدا کەس نایباتەوە. داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کرد بەدەم بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە بچن، گوتیشی: ''چارەسەرکردنی پرسی کورد، واتە بەدیموکراسیبوونی تورکیا''.
وتەبێژی دەم پارتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردینی پشتڕاستکردەوە.