ئاکپارتی: پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆر، لە عێراق و سووریاش جێبەجێ دەکرێت

وتەبێژی ئاکپارتی دەڵێت" لەدوای پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆر، هەمان پرۆژە بۆ عێراق و سووریاش جێبەجێ دەکرێت".
 
عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکپارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی دا جەختی لەسەر سیاسەتی بەهێزی برایەتیی کورد و تورک لە سووریا کردەوە و وتی: "لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، بە هەستیارییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دۆخە دەکەین کە پێی گەیشتووین، ئەو هەڵوێستەی لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆر خراوەتەڕوو گرنگە بۆ دانانی بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژانەی رێکخراوە تیرۆرستییەکان لە دژی خەڵکی ناوچەکە بەکاری دەهێنن. هەروەها ئەم پڕۆژەیە تۆوی دیدگەی سووریای بێ تیرۆر و عێراقی بێ تیرۆرە و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگرێتەوە".
 
چەلیک راشیگەیاند: "هەروەک چۆن لە تورکیا تیرۆرمان ناوێت و قبووڵی ناکەین، بە هەمانشێوە لە سووریا و عێراقیش هەڕەشەی تیرۆر و دروستکردنی ناسەقامگیریمان ناوێت".
 
بە وتەی عومەر چەلیک "دەستێک هەیە دەیەوێت دیوار لە نێوان کورد و تورک و عەرەب دروست بکات." وتیشی: "تورکیا لەگەڵ سیاسەتی برایەتییە لە ناوچەکە."
 





PM:11:14:03/03/2025