پۆلیسی سلێمانی: گەنجێک لە ناو دوکانەکەیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە ناوچەی هوانە تەرمی گەنجێک بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان ڕووداوەکە خۆکوژی بووە". 

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" لە ناوچەی پیشەسازی دووی سلێمانی لە گەڕەکی هوانە تەرمی گەنجێك دۆزرایەوە". 

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند" ئەو گەنجە کە موالیدی ٢٠٠٢ بووە و وەستای دکتی موبەریدە بووە، لە ناو دوکانەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە بەمەبەستی گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ پزیشكی داد.

سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا تیمەكانی بەڵگە و تاوان لە شوێنی رووداوەكەن و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن. 

ئێوارەی ڕۆژی ٢ی ئەم مانگەش، هاوڵاتییەکی تەمەن ٤٤ ساڵە کە شۆفێری ئەمبوڵانس بووە لە فریاکەوتنی تەندروستی سلێمانی، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە گەڕەکی سەرچنار کوژرا و دوێنێش پۆلیسی سلێمانی هەواڵی دەستگیرکردنی تۆمەتباری ڕووداوەکەی ڕاگەیاند. 



AM:10:53:04/03/2025