نوسینگەیەک لە شاری سلێمانی کە هی دانانی پارەیە بۆ کەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، دوو ملیۆن دۆلاری هاوڵاتییان دەخوات و وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەربارەی دۆسییەکە دەڵێت" ٨٥ سکاڵایی یاسایی تۆمارکراوە و سێ کەسیش بە تۆمەتی دۆسییەکە دەستگیرکراون".
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" نوسینگەیەک لە خانەقای شاری سلێمانی پارەی چەند کەسێکی خواردووە کە مەزەندە دەکرێت لە دوو ملیۆن دۆلار زیاتر بێت".
وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا کراوە و سێ هاوڵاتی لەسەر دۆسییەکە لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری دەستگیرکراون و کەسێکی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
سەرکەوت ئەحمەد لە درێژەی لێدوانەکەیدا باسی لەوەشکرد، ئەو کەسانە (٨٥) سکاڵایی یاساییان لەسەر تۆمارکراوە و تائێستاش لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر دۆسییەکە بەردەوامە.
ئەو هاوڵاتییانەی کە سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن بڕێک پارەی بەرچاو لە نوسینگەکان دانێن وەکو (زەمانێک)، دواتر کە گەڕانەوە ئەو پارەنە وەردەگرنەوە، بەڵام ئەم نوسینگەیە ئەم پارانەی خواردووە و ئێستە کە خاوەنەکانیان دەچنەوە پێیان نادەنەوە.
نوسینگەکە دەکەوێتە گەڕەکی بەختیاری، نوسینگەی دانانی پارەکە دەکەوێتە بازاڕی خانەقا.