هاتوچۆی سلێمانی: کارمەندێکمان ١٥٠ ملیۆن دیناری برد و هەڵات

کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ١٠٠ هەزار دۆلاری بردوە و هەڵاتوە، ئێستا لە ئوردن بە تۆمەتی پارەسپیکردنەوە دەستگیر کراوە و داوا دەکرێت، بگەڕێندرێتەوە و مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت.

کارمەندێک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، چەند ڕۆژێکە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکەوە نەکردوە و دەرکەوتوە، پێنجشەممەی ڕابردو چوەتە ئوردن و لەوێ بەهۆی هەڵگرتنی چەند کارتێکی بانکیی و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، دەستگیر کراوە، بەپێی زانیارییەکان ئەو کارمەندە ١٠٠ هەزار دۆلاری بەڕێوەبەرایەتییەکەی بردوە هەڵاتوە.

بەپێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، ٢٧  ژمێریاری هەیە و هەر یەکێکیان گەنجینەیەکی پارەیان لەبەردەستدایە کە داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی تێدایە، دەستگیرکراویش یەکێک لە گەنجینەکانی لەبەردەستدا بوە و کارتی بانکیی لە چەند کەسێکیش وەرگرتوە بۆ بەکارهێنانی لە سپیکردنەوەی پارەدا.

هەر بە پێی زانیارییەکان، ئەو کارمەندە لە هەر جارێکی گەشتکردنیدا بۆ دەرەوە، هەشت بۆ نۆ هەزار دۆلاری دەستکەوتوە لە گۆڕینەوەی بە دۆلاری ١٣٢ هەزار دیناریی.




PM:03:03:04/03/2025