کۆبوونەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم دواخرا و سەرچاوەیەک دەڵێت" کۆمپانیاکان ئامادەنین نەوت هەناردنە بکەن".
بڕیار بوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم کە لەژێر ناوی (ئەپیکۆر)دا کۆبوونەتەوە و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتییەکان، کۆببنەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی دووبارە هەناردنەکردنەوەتی هەرێم،بەڵام بە پێی زانیارییەکانی کۆبوونەوەکە دواخرا..
لەمبارەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راگەیاند " نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان نەچوونە بەغداد".
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە رۆژی یەکشەممە ٢ـی ئازار شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری سامانە سروشتییەکان و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغداد کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادە نین بۆ هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم..
لای خۆشییەوە مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان 'ئەپیکور' لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای یەکێتی راگەیاند"داوای گرەنتی خەرجکردنی شایستە داراییەکان و هەروەها گەڕاندنەوەی قەرزەکان( بە بڕی یەک ملیار دۆلار) دەکەن تاوەکو دەستبکەنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت".