بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوە گەردوونییەكان و شارەزایانی بواری گەردوونی پێشبینی دەکرێت مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ ٢٩ ڕۆژ بێت و ٣٠ی ئازار دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ.
پەیمانگەی توێژینەوەی گەردوونی لە میسر ڕایگەیاندووە، بەپێی لێکدانەوە گەردوونییەکان مانگی شەوال لە نیوەڕۆی ٢٩ی ڕەمەزان، کە هاوکاتە لەگەڵ ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٥ لەدایک دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی لەدایکبوونی مانگی نوێ، بۆ ماوەی ٧ خوولەک لە ئاسمانی شاری مەککەی سعودیە دەبینرێت، لە شاری قاهیرەی میسر دوای خۆرئاوابوون بۆ ماوەی ١١ خوولەک دەبینرێت.
وەک پەیمانگاکە دەیڵێت" بەپێی ئەو هەژمارکردنە ڕۆژی ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٥ دەکاتە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال و یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان".
لای خۆشیەوە، شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری فەلەكی و كەشناسی وتی،" بەپێی لێکدانەوەی زانستیمان ڕۆژی ٢٩ ی ئازار، کە دەکاتە ڕۆژی شەممە تەواوکەری مانگی ڕەمه زانە و ڕۆژی ٣٠ ی مانگی ئازار، کەدەکاتە ڕۆژی یەک شەممە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەبێت".
وتیشی" بەو پێیەش ڕەمەزانی ئەمساڵ ٢٩ ڕۆژ دەبێت و دوا بریاریش لای ئەوقاف و لیژنەی بینینی مانگ دەبێت"