"خەڵکی کوردستان لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا دەستبەرداری مافەکانیان نابن"

جێگری سەرۆکی پارتی لە ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" مەحاڵە گەلی کوردستان لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت". 

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" لە (٣٤)مین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم". 

بارزانی دەشڵێت" یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشدارییان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتووی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیشەوە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە". 

لە پەیامەکەی جێگری سەرۆکی پارتی ئەوەش هاتووە" ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لەسەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بەهۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون، كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت". 

لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ راپەڕینی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعسی عێراق دەستیپێكرد و لە یەكەم رۆژی راپەڕیندا دەڤەری رانیە و قەڵادزێ رزگاركران، دواتر راپەڕین شار و شارۆچكەكانی دیكەی گرتەوە.



AM:09:42:05/03/2025