"بەهێزترین شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ دەستپێدەکات"

کەشناسێکی شارەزا ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ لە کاتی جیاوازدا ھەورە بروسکە و تاوە باران چڕ دەبێتەوە کە تاوەکان بارانی کەم تا مامناوەندن دەبن". دەشڵێت" لە ئێوارەی ڕۆژی هەینیش بەھێزترین شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ دەستپێدەکات".

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتەکانی بەیانییەوە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و باشور و ناوەراستی ئیدارەی گەرمیان دەستپێدەکات و ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە دروستبوونی ناسەقامگیرییەکی لاواز بۆ مامناوەند ناوبەناو لە کاتی جیاوازدا ھەورە بروسکە و تاوە باران چڕ دەبێتەوە کە تاوەکان بارانی کەم تا مامناوەندن وە زۆربەی کاتەکان بای باشور و باشوری رۆژھەڵات چالاک دەبێت بەخێرای (١٠ - ٣٠)کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا، ئەگەری خۆڵبارین لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەبێت، پلەکانی گەرماش تا رادەیەک جێگیر دەبن وەک ئەمڕۆ تەنھا لەو ناوچانەی باران و ھەور ھەیە دوو پلە نزمدەبنەوە، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارە و شەو کاریگەری ئەو حاڵەتە لاوازە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجە لەو ناوچانەشدا ئەگەری ھەورە بروسکە و تاوە باران دەبێت بە بڕی کەم تا مامناوەند و بەرەبەیانی سبەینێ پێنج شەممە ئەم قۆناغە کۆتای پێدێت.

ئەو کەشناسە کوردە پێشبینیش دەکات، قۆناغی دووەم ئێوارەی ھەینی دەستپێدەکات ناسەقامگیریەکە بەھێز دەبێت بەھۆی چالاکتربوونی نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای سوور و ھاتنی شێ و تەریەکی زۆر بۆیە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق پێشبینی باران و تەرزەی بەھێز و دروستبوونی ھەوری سوپەرسێڵ و لافاو دەکرێت کە بەھێزترین شەپۆلی بارانی ئەمساڵ دەبێت لەو ناوچانەدا کە زۆربەی شوێنەکان دەگرێتەوە و بڕێکی زۆریش باران دەبارێت.

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بەشێوەیەکی بەھێز دەگرێتەوە و پاشان بەرەو سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ھەولێرەوە کاریگەریەکانی درێژدەبێتەوە بەشێوەی کەمبوونەوە و لاوازبوونی ناسەقامگیریەکە واتا لە گەرمیان بەھێز و لە سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجەوە مامناوەند دەبێتەوە و بە گەیشتنی بە ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆک لاواز دەبێت.



AM:09:56:05/03/2025