سەرۆکی پارتی لە یادی ڕاپەڕیندا ڕایدەگەیەنێت" سەرباری زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت".
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، بەیانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە" ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان، لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و یەكڕیزی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ڕاپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەستهێنا".
بارزانی ڕاشیگەیاندووە" ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت، ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت".