سەرۆکی یەکێتی لە ٣٤ هەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" زوڵم و ستەم و نادادی هەرگیز ناتوانێت دەنگ و ئیرادەی گەلەکەمان کپ بکات".
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاندووە" راپەڕین کە لە رانیەی سەربەرزەوە ئاگری بڵێسەی سەند، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قارەمانێتیی رێکخستنەکان و شانەچەکدار و پارتیزانەکانی شۆڕشی نوێ و دواتر یەکگرتووی هێزە کوردییەکان لە بەرەی کوردستانیدا، ئەمەش سەلماندی کە زوڵم و ستەم و نادادی هەرگیز ناتوانێت دەنگ و ئیرادەی گەلەکەمان کپ بکات".
سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت" ئەمڕۆ دوای زیاتر لە سێ دەیە بەرپرسیارێتی هەموومانە کە هەوڵەکانمان یەکبخەین لەپێناو پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەیی و بنیادنانەوەی متمانە تاوەکو روومان لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و دادپەروەر بێت و بە ئیرادە و ئیدارەیەکی نوێوە کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەین و خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان بکەین و پێکەوە کار بۆ پاراستنی ئامانجە باڵاکانمان بکەین".
بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە" یەکێتی وەک ئەندازیاری راپەڕین، لە بەردەم قوربانیدان و خوێنی شەهیدان و بەرپرسیارێتی نیشتمانی وەک رابردوو بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە هێنانەدی مافەکانی گەلەکەمان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان".