سەرباری ئاگربەستی پەکەکە تورکیا بەردەوامە لە بۆردوومانکردن و جارێکی تر گوندەکانی پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی ئازاری ٢٠٢٥ کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" کاتژمێر ١١:٤٠ـی شەوی چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دۆڵی "ژاژۆلان"یان لە گوندی گەڵالە بە سەختی بۆردوومان کرد".
رێکخراوی سی پی تی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن. ئەو ئەندامەیان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت"بەهۆی نزیکی بۆردوومانەکە لە نێو گوندی گەڵاڵە، تەواوی گوندنشینان هەستیان پێکردووە و خانووەکانیان لەریونەتەوە".
ئەم بۆردوومانەکە لەکاتێکدایە، کە رۆژی ٢٧ی شوبات ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کرد کە پەکەکە چەک دابنێت و هەكڵوەشاندنەوەی خۆی رابگەیەنێت و دواتر پەکەکە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ١ی ئازارەوە ئاگربەستی راگەیاندووە، بەڵام دوای ئاگربەستەکەوە چەند جارێک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە بۆردوومان کراون و دوای ئەم رۆژە تورکیا ٩ جار سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، کە دووانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، یەکێک لە پارێزگای سلێمانی و شەشەکەی دیکەش لە پارێزگای دهۆک.