قەیرانی دەرمان لە سلێمانی بەردەوامە
"نەبوونی ڕەزامەندی وەزاری کێشەکە قوڵتر دەکاتەوە"

بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" دواکەوتنی ڕەزامەندی وەزاری بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، قەیرانی بەردەم کەرتی تەندروستی لە پارێزگاکە زیاتر دەکات". 

سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" وەک ساڵانی رابردوو تا ئيستا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییەکانی پزیشکی نەهاتووە و تووشی قەیرانی دەرمان و پێداویستی کردوین". 

هەورامی ڕوونیشیکردەوە، ئەم کێشەیە تازە نییە، بەو پێیەی ساڵانە بەهۆی دواکەوتنی ڕەزامەندییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی دووبارە دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ هێشتا ڕەزامەندییەکان دەرنەچووە، ئەمەش وایکردووە قەیرانەکە بەردەوام بێت. 

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، تەندروستی سلێمانی هیچ بڕە پارەیەک قەرزاری هیچ کۆمپانیایەک نییە. 

ڕوونیشیکردەوە، کێشەی سەرەکی لە نەبوونی نەختینەیی لە بانکەکاندایە کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە کڕینی دەرمانی پێویست.

 



PM:01:32:06/03/2025