سەرەرای ئاگربەست هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئاگرەبەست تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانیان و ٨٢٨ هێرشی ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی ئاداری ٢٠٢٥، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" رایگەیاند، "لە رۆژانی ٤ و ٥ و ٦ی ئەم مانگە سوپای توركیا لە ناوچەی خواكورك، ٨ جار بە فڕۆكەی جەنگی هێرشی كردۆتە سەر گەریلا. سوپای توركیا ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ، ٩ جار بە هەلیكۆپتەر هێرشی كردۆتە سەر گەریلا".

ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژانی ٤ و ٥ و ٦ی ئەم مانگە، سوپای توركیا لە ناوچەی خواكورك ٨١١ جار بە تۆپ و چەكی قورس سەنگەرەكانی گەریلای بۆردوومان كردوون".

هەپەگە دەڵێت، "لەکاتێکدا هێزەکانمان ئاگربەستیان راگەیاندووە، لە ناوچەی گارە لە قەڵای سەدام و باکرمانەوە، تورکیا فڕۆکەی سیخوڕی بچووک هەڵدەدات و بە شەو و رۆژ سیخوڕی لەسەر ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا دەکەن و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم کارە بەدەستی دەهێنن، گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان دەکەن".

دەشڵێت، "دەبێت ئەم کارە بوەستێنرێت، کە سەلامەتی هێزەکانمان دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەر نەوەستێنرێت، بۆ سەلامەتی خۆمان، مافی خۆمانە لەو شوێنانە وەڵام بدەینەوە، کە فڕۆکەکان لێیەوە رەوانە دەکرێن، ئێمە رایدەگەیەنین، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان، دەبێت کۆتایی بەم کارە بهێنرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە ئاگربەستی تاک لایانە راگەیاند و داوای کرد کە بۆ ئەوەی کۆنگرە ببەستێت پێویستە هێرشەکانی سەریان رابگیردرێت.




PM:09:27:06/03/2025