کەشناسێک: شەپۆلی بارانبارین و لافاو هەرێم دەگرێتەوە

شەپۆلی بەهێزی بارانبارین لە سبەینێ هەینی دەستپێدەکات و ئەگەری تەرزە و لافاویش زۆرە و لە هەندێک ناوچە ئاستی بارانبارین دەگایە ١٠٠ ملم، دەشڵێت" پلەکانی گەرماش ٤ تا ٧ پلە نزمدەبێتەوە".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمشەو پێنجشەممە ٦ی ئادار ڕایگەیاند" سبەی ھەینی ٧ی ئادار لە کاتەکانی بەیانیەوە قۆناغی بەھێزی ناجێگیری کەش کە سەرچاوەکەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوورە لەناوچەکانی باشور و رۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکات و بۆ کاتەکانی ئێوارە دەگاتە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و سنوری ئیدارەی گەرمیان و پاشان لەشەودا کاریگەریەکانی بەھێز ئەبێت بۆ بارانی بەخوڕ و تەرزە و چالاکبوونی ھەورە بروسکەی توند و چالاکبوونی بای باشوری رۆژھەڵات بەخێرای ١٥-٤٠کم/ک".

ئەو شارەزا کەشناسییە دەشڵێت" لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و ئیدارەی گەرمیان وە ئەگەری لافاو لە رۆژھەڵات و ناوەراستی عێراق و باشور و ناوەراستی گەرمیان ئەبێت ، ھەر لەکاتەکانی شەودا کاریگەری ئەو شەپۆلە بەرێژەیەکی مامناوەند سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک دەگرێتەوە و بەرێژەیەکی لاوازیش سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆکیش دەگرێتەوە و تا نیوەرۆی رۆژی شەمە ٨ی ئادار لوتکەی بەھێزی حاڵەتەکە ئەبێت پاشان لاواز ئەبێت ، بەڵام بۆ رۆژانی شەمە و یەکشەمە و دووشەمە ١٠ی ئادار بەشێوەی دروستبوونی تاوە بارانی جیاجیا و ھەورە بروسکەی ناوخۆی ناجێگیری کەش بەلاوازی بەردەوامی ئەبێت لەکات و شوێنی جیاوازدا بەتایبەت لەناوچەکانی باشوری ھەرێم و دواتر کۆتای بەو شەپۆلە دێت" . 

ئاراس جەبار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" ئەگەر ھەیە لەھەندێ شوێندا بەدیاری نەکراوی لەو ناوچانەی لوتکەی بەھێزی کاریگەری ئەم شەپۆلەی لەسەرە زیاتر لە ١٠٠ ملم باران ببارێت بەھۆی دروستبوونی ھەوری بەھێزی سوپەرسێل و بارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە ، دروستبوونی لافاوی خێرا ، کەوتنی تەوژمە بای بەھێز لە ھەورە کەڵەکەکانەوە بەتایبەت لەناوچەکانی عێراق ، ئەم ئەگەرانەش بەتایبەت لە سبەی شەو بۆ بەرەبەیانی رۆژی شەمەیە ٨ی ئادار کە لەو ماوەدا بەھێز ئەبێت".

سەبارەت بە پلەکانی گەرماش ئاراس جەبار دەڵێت" لە رۆژی شەمەوە بەجیاوازی ناوچەکان ٤ تا ٧ پلە بەبەڕاورد بە سبەی نزمدەبێتەوە".
بڕی بارانی پێشبینیکراو لەماوەی ئەو شەپۆلەدا : 

ناوچەکانی ناوەراست و رۆژھەڵات و رۆژئاوای عێراق و ئیدارەی گەرمیان ئەگەری بارینی ٣٠ بۆ ٦٠ ملم باران ئەبێت 
ناوچەکانی پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و کەرکوک ١٥ بۆ ٣٥ ملم  
ناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین ٥ بۆ ١٠ ملم 




AM:12:02:07/03/2025