لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەی لە لازقیە ڕوویانداوە، کچە خوێندکارێکی خەڵکی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی فیشەکێکی وێڵ گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هاوار نیوز، ئەو کچە ناوی (شیندا عادل کشو)ە، خوێندکاری ساڵی یەکەمی کۆلێژی پزیشکی بووە لە لازقییە، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی شەوی ڕابردوودا لە شاری لازقیەی سوریا، بە فیشەکێکی وێڵ بریندارکراوە و ئەمڕۆش بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شیندا عادل خەڵکی گەڕەکی ڕۆژئاوای شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بووە،
لە کاتی خەوتندا فیشەکێکی بەر سەری کەوتووە.
ئێوارەی دوێنێ لە پارێزگای لازقیە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەسەد سەریهەڵدا و بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە ٧٠ کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.