"سێ چالاکوانی مافەکانی ژنان هەڕەشەیان لێکراوە"

سێ چالاکوانی مەدەنی و بواری مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگکراون و بە وەرگرتنی بەڵێننامە لە بەشداریکردن لە هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک هەڕەشەیان لێکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" دوێنێ پێنج شەممە سیمین چایجی، شاعیر و نوسەر، سورەیا خدری و بەهار زەنگی بەند، هەر سێ لە چالاکوانی مەدەنی و مافی ژنان و خەڵکی سنە، لەلایەن فراجا بە بڕیاری دادوەری ئەم شارە محەممەد جەباری بانگکران و بە وەرگرتنی بەڵێننامە سەبارەت بە بەڕێوەبردن و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، قەدە‌غە کران". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سورەیا خدری لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن ژیان ئازادی) پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەرکرابوو.

ڕێکخراوی هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، بەهار زەنگی بەندیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای بیست ڕۆژ ئازاد کرابوو. 

هەروەها سیمین چایچی لە ڕەوتی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو و پێشتر بە تۆمەتی چالاکیە مەدەنییەکانی خۆی و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی هەشتی مارس و نەورۆز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرابوو.



PM:06:30:07/03/2025