تورکیا بەردەوامە لە بۆردومان
وەزیری بەرگریش لێدوان لەو بارەیەوە نادات


شەوی ٧ ی ئازار لە کاتژمێر ٩ ی شەوەوە تورکیا لە رێگای کۆپتەرەوە بۆردومانی چیای مەتین لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات، وەزیری بەرگری تورکیاش جەخت دەکاتەوە پرۆسەکە بە لاڕێدا نەبرێت‌و لەبارەی راگرتنی شەڕیشەوە ئامادە نییە هیچ لێدوانێک بدات.

پەیامنێری " سپی " لە دهۆکەوە شەوی ٧ ی ئازار رایگەیاند کە کۆپتەرەکانی تورکیا لە کاتژمێری ٩ ی شەوەوە بە سەختی چیای مەتین بۆردومان دەکەن و تا درەنگانی شەو بۆردومانەکە بەردەوام بووە. 

هەر ئەمڕۆش وەزیری بەرگریی تورکیا رەتیکردەوە قسە لەبارەی ئاگربەست بکەن. هۆشدارییش دەدات لە هەر "هەوڵێکی بەلاڕێدابردن، خراپ مامەڵەکردن و نیازخراپی."
 
 یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە پارێزگای بالکئەسیر لە وتارێکدا وتی " لە پرسی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گەیشتووینەتە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی وڵات".
 
" دوای چل ساڵ لە شەڕ، پەکەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی بە شەڕ هیچ ئامانجێک بەدەستناهێنێت، نابێت تەنیا پەکەکە "هەڵبوەشێتەوە"، بەڵکو "لە هەر شوێنێک و بە هەر ناوێکی دیکە کە خۆیان وا نیشان دەدەن سەربەخۆن، بەڵام لە راستیدا درێژەپێدراوی رێکخراوی تیرۆریستین، پێویستە بێ هیچ مەرج و پاساوێک خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان رادەست بکەن."( یاشار گولەر وا دەڵێت ).

 تا ئێستا وەک لە لێدوان و دیدارەکاندا دەردەکەون دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە هاوپەیمانی حوکمڕانی تورکیا لە هەموویان راشکاوترە لە پرۆسەی ئاشتیداو، ئەردۆغان و وەزیری بەرگری و ناوخۆ و دەرەوەو وتەبێژی ئاک پارتی هەڵوێستیان توندە لەسەر پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی.




AM:12:15:08/03/2025