شوان محەمەد سەبارەت بە بڕیاری ئازادکردنی شێروان شێروانی ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر شێروان شێروانی ئازادنەکرێت، هیچ مانایەک بۆ دادگا و ڕەوشتی سیاسی نامێنێتەوە".
ئەمشەو شەممە شوان محەمەد ڕۆژنامەنووس، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" سبەی یەکشەممە ٩ی ئازاری ٢٠٢٥ ڕۆژی ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی-یە".
شوان محمەد لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا هیوای خۆی دەربڕی کە سبەینێ شێروان شێروانی ئازاد بکرێت و تۆمەتێکی تری بۆ دروستنەکرێت.
لە ئەگەری دروستکردنی تۆمەتێکی دیکە بۆ ئەو ڕۆژنامەنوسە، شوان محەمەد وتی" گەر تۆمەتێکی تری بۆ دروستبکرێت، ئەوا هەرێم بە یاسای جەنگەڵ بەڕێوە دەبرێت و، هیچ مانایەک بۆ دادگا و هیچ رەوشتێکیش بۆ دەسەڵاتی سیاسی نامێنێتەوە، هیوادارین خۆیان نەگەیەننە ئەو ئاستە".
ئەمڕۆ ️محەمەد عەبدوڵا پارێزەری شێروان شێروانی رایگەیاند" ئەگەر مافە یاساییەکانی شێروان شێروانی زەوت نەکرێت سبەی ئەو رۆژنامەنووسە ئازاد دەکرێت".
دادگەی تاوانی هەولێر، رۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەمەد ئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا.
دواتر لە (٥٠٪)ی سزاکەی شێروان شێروانی کەمکرایەوە کە بڕیاربوو لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣ ئازاد بکرێت، بەڵام دواتر بە بریاری دادگا سزای شێروان شێروانی لە چوار ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ دوو ساڵ .
پێش ئازادکرنی داوایەکی تری لەوەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە لەسەر جوڵێنرا، ڕۆژی ، ٢٠٢٣/٧/٢٠ دادگای هەولێر شێروان شێروانی بە مادەی ٢٨٩ و ٢٩٥لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزادا، بە مادەیەکیان دوو ساڵ و شەش مانگ و بە مادەیەکی دیکەیان ساڵێک و شەش مانگ.