هەسەدە: ١٨ چەکدار کوژران و دوو ئۆتۆمبێلیش تێکشکێندران

هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" لە چالاکییەکانی دژی هێرشەکان ١٨ چەکدار کوژراون و دوو ئۆتۆمبێل تێکشکێنراون". 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە قەسەدە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٣ مانگە بەردەوامە، هێزەکانمان لە دژی هێرشەکان لە چالاکی بەرپەرچدانەوە بەردەوامن و گوزری قورس لە چەتەکان و داگیرکەران دەدەن". 

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" بەرەی قەرەقۆزاق؛ شەڕڤانانی یەپەژە لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان و چەتەکان لە ڕۆژئاوای پردی قەرەقۆزاق چالاکییان ئەنجام دا، چالاکییەکە لە دژی کۆبوونەوە و مۆڵگەی داگیرکەران، چەتەکان ئەنجام درا و لە ئەنجامدا هەشت چەکدار کوژران و یەکێکیش بریندار بوو، لە چالاکییەکەدا ڕادارێک، بارەگەیەک و کامێرایەکی داگیرکەران لە ناوبران، چەتە و داگیرکەران بە زیاتر لە ٨٠ گولـلە گوندەکانی تینا، جادا، بیر حەسۆ، خەسەق، دیکان، مەلحا و سینا، گری شێڤێ و قەرەقۆزاق  بە تانک، موشەک، هاوەن، تۆپبارانیان کرد، لە ئەنجامدا زیانی ماددی لە ماڵ و موڵکی دانیشتووان کەوتەوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە بەرەی بەنداوی تشرین؛ فرۆکەی جەنگی چەند هێرشێکی لە گوندەواری باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج ئەنجامدا و هەروەها بە شەو و ڕۆژ هەرێمەکە تۆپبارانکرد، بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی ماددی لە گوندەکان کەوتەوە و گروپێک چەکداری دەوڵەتی تورکیا لە هێڵەکانی پێشەوەی شارۆچکەی ئەبو قەلقەل هەوڵیاندا هێرش بكەنە سەر خاڵێكی شەڕڤانمان، بە دەستپێکردنی هێرشەکە لەسەر دەوربەری گردی سریتەل شەڕڤانمان وەڵامیاندایەوە و شەڕ دروستبوو، لە ئەنجامدا شەش چەکدار کوژران و ژمارەیەكی دیکەش بریندار بوون". 

هەروەها هاتووە" لە بەرەی باکووری بەنداوی تشرین؛ هێزەکانمان کۆبوونەوەیەکی چەتەکانیان كردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و ماتۆڕسکیلێک تێکشکێنرا، کاتێک چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هەوڵیاندا تەرمی کوژراوەکەیان لە گۆڕەپانەکە بگوازنەوە ئۆتۆمبێلەکەیان گورزی لێدرا و چەکدارەکان لە گۆڕەپانەکە هەڵهاتن، هاوکات یەکینەکانی شەهید هارون لە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی چەکدارەکانی دا و ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی تێكشكنێندرا و دوو چەکداری دیکەش کوژران". 

لە کۆتایشدا دەڵێن" لە ئەنجامدا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٨ چەکداری سەر بە تورکیا کوژران و هەندێکی دیکەش بریندار بوون، هەروەها دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی و ماتۆڕسکیلێکیش تێکشکێنراون". 



AM:12:04:09/03/2025