ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: دەبێت دەستبەجێ وریشە مورادی ئازاد بکرێت

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوا لە حکومەتی ئێران دەکات سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی هەڵبوەشێنێتەوە و دەستبەجێ ئازادی بکات و دەشڵێت"لە دادگاییەکی نادادپەروەرانە دادگایی کراوە".

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، پێویستە حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی چالاکوانی کورد، وریشە مورادی هەڵبوەشێنێتەوە و دەستبەجێ ناوبراو ئازاد بکات.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو چالاکوانە کوردە لە دادگاییەکی زۆر نادادپەروەرانە دادگایی کراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. 

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە"بەهۆی نەبونی دادگاییەکی دادپەروەرانە لە ئێران دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانی زیندانیە سیاسییەکان هەڵبوەشێننەوە". 

وریشە مورادی لە ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و لە ١٠ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.




PM:03:37:09/03/2025