سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر سبەی شاندی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی گەیشتنە ئەنجام، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر سبەی مووچەی مانگی دوو ڕەوانەی هەرێم دەکرێت".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بە میدیایی نزیک پارتی ڕاگەیاندووە" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندەکەی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق و سەرۆکی دەستەی خانەنشینانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەبوو سەبارەت بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی خانەنشینان".
وتیشی" کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە لیستی مووچەی مانگی دوو و کێشەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان".
دەشڵێت" سبەی کۆبوونەوەی دووەم بەڕێوەدەچێت و ئەگەر گەیشتنە ئەنجام، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر سبەی مووچەی مانگی دوو دەنێردرێت".
بەپێی ڕێککەوتنی نوێی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لیستی مووچەى مانگى کانوونى دووەمی ئەمساڵ دەکرێتە بنەما بۆ مووچەى سەرجەم مانگەکانى دیکەی ئەمساڵ.