پەروەردەی سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەکان بڵاوكردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە پەروەردەی سلێمانی ژمارەیەک ڕێنمایی نوێی لەبارەی تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی خوێندن بڵاوکردەوە و دەڵێت" تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت". 

بەپێی نوسراوێكی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست ماڵپەڕی (سپی) كەوتووە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە،  ئەو خوێندنگانەی كە بەپێی ساڵنامەی خوێندن دەوامیان كردووە، هەر بەپێی ساڵنامەی خوێندن تاقیكردنەوەكانی وەرزی دووەم ئەنجامدەدەن، بەڵام ئەو ناوەندانەی دابڕاون لە خوێندن گۆڕانکاری بەسەر وادەی تاقیکردنەوەکانیاندا دێت بەمشێوەیە:

- پۆلە ناکۆتاکان ٤ی سەرەتایی بۆ ٨ی بنەڕەتی و ١٠ و ١١ی ئامادەیی، تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەی دووەم لە ١٣ تاوەکو ٢٢ی نیسان ئەنجام دەدەن.

- تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی ٩ و ١٢، وەک ئەوەی لە ساڵنامەی خوێندندا هاتووە، لە ٨ی نیسان تاوەکو ٢١ی نیسان ئەنجام دەدرێت.

-تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی خولی یەکەم و دووەم وەک خۆی و بەپێی ساڵنامەی خوێندن ئەنجام دەدرێت.

- رۆژانی شەممە تاقیکردنەوە بەردەوام دەبێت.

- ئەگەر پشووی رەسمی كەوتە نێو رۆژی یەكێك لە تاقیكردنەوەكانەوە ئەوا ئەو رۆژە تاقیكردنەوە ئەنجامنادرێت و بەپێی هەمان زنجیرە تاقیكردنەوە رۆژی دواتر تاقیكردنەوەكان بەردەوامیان دەبێت.



PM:09:09:09/03/2025