ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات هەناردەی نەوتی هەرێم بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە

ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات کە دەست بە هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکات و پشتبەستن بە نەوتی ئێران کەم بکاتەوە.


مایکل واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بنوسێوێتی" رۆژی یەکشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە". 
 
لە پۆستەکەدا هاتووە "راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی داوای لە حکومەتی عێراق کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەجێماوەکانی گرێبەستەکان و دانەوەی قەرزی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری وزە."
 
بەرپرسە باڵاکەی ئیدارەی ترەمپ هەروەها داوای لە سوودانی کردووە، بەغدا "هاوئاهەنگیکارێکی بواری وەبەرهێنان دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکات کە دەیانەوێت لە عێراق وەبەرهێنان و کار بکەن."
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ عێراق هاندەدات دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خێرابکات بۆ ئەوەی زێڕە رەشەکە بگاتەوە بازاڕەکانی جیهان، لە دابەزاندنی نرخدا یارمەتیدەر بێت و لە هەمان کاتیشدا عێراق پشتبەستن بە نەوتی ئێران کەمبکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا گفتوگۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون. زۆرترین ناکۆکی لەسەر میکانزمی پارەدان بە کۆمپانیاکان و گەرەتنیکردنی دانەوەی قەرزەکانیان و پارەی داهاتوویانە.

 



AM:09:15:10/03/2025