ئەمڕۆ دووشەممە بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، وەزارەتی نەوت دەستپێشخەری گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک لەگەڵ کۆمپانیای (بی پی) واژووکرد.
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکانی نەوتی باکوور و غازی باکوور، گرێبەستێکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک كه پێكهاتون له (ئاڤانا، بای حەسەن، بابا گوڕگوڕ و جەمبور) لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی، بە سەرەتای ناوەوە واژووکرد.
جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق حەیان عەبدولغەنی، جەختی لەسەر پەرۆشی وەزارەتەکە کردەوە بۆ زۆرترین سەرچاوەی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا کە ئەمەش بەشێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر زۆرترین سەرچاوە داراییەکانی بودجەی فیدراڵی.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، واژووکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستکەوتێکی گەورەیە، بۆ وەزارەت و کۆمپانیاکە، بەتایبەتی دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی.
ئەوەشی خستەڕوو، کارەکانی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی بڕی بەرهەمی نیشتمانی زیاد دەکات، جگە لە وەبەرهێنان لە غاز و زیادکردنی بڕی بەرهەمەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها ستایشی سەرجەم ئەو لایەنانەی کرد کە بەشداربوون لە گەیشتن بەم دەستکەوتە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، گرێبەستەکە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک لە خۆدەگرێت، ئەمە جگە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی غاز لە کۆمپانیای غازی باکوور.