"بەهۆی ڕێگری یاسایی مامۆستایانى خوێندنى کوردى کەرکوک ناخرێنە سەر عێراق"

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایدەگەیەنێت" بەهۆی رێگری یاسایی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی کەرکوک بۆ سەر حکومەتی عێراق ناکرێت". 

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند" وەزارەتمان بەمەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ناوچە کودستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، چەند جارێک سەردان و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی عێراقی فیدراڵ". 

ڕوونیشیکردەوە کە لەو کۆبوونەوانەدا داواکاری گواستنەوەی ئەو مامۆستایانەمان پێشکەش کردووە و پێداگیر بوون کە مافی داراییان زامن بکرێت و پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت.

سامان سیوەیلی دەربارەی وەڵامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت" شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی پێیان ڕاگەیاندین کە ڕێگری یاسایی هەیە بەگوێرەی ماددەی ٧٧ی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕێگرییە یاساییانەیان لە کۆنوسدا واژووکردووە و ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی.



PM:02:25:10/03/2025