رێباز حەملان لەبارەی هۆکارى دەست لەکارکێشانەوەى روونکردنەوە دەدات

رێباز حەملان لەبارەی هۆکارى دەست لەکارکێشانەوەى روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بڕیاری چارەنوسسازم داوە". 

رێباز حەملان بریکارى دەست لەکارکێشاوەى وەزارەتى دارایى عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندی تایبەتى خۆم، بەکردەی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە". 

دەشڵێت" لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدار و کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغداد کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باسکرد کە حکومەتی ھەرێم پابەندبووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردووە". 

"ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم، بۆ یه‌كه‌مجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق به‌یاننامه‌ له‌ دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لە بەغداد پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لە قوت و مافی خەڵکی ھەرێم کرد و خەریکی بەرژەوەندیی شەخسی خۆم نەبووم، دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گه‌وره‌كرا و له‌گه‌ڵ خودى وه‌زیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە ٢٤ بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به‌ شانازییه‌وه‌ سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد". (رێباز حەملان وادەڵێت)

روونیشیکردەوە، لە مساڵدا لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچە و بودجەی ھەرێم کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوادەخرێت و لە کاتی خۆیدا ناینێرن.

بریکارى دەست لەکارکێشاوەى دارایى عێراق ڕاشیگەیاندووە" بۆ جاری دووەم بڕیارمدا و بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورە و میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد". 

حەملان دەشڵێت" لە کۆتایی مانگی یەک بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه‌ دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە". 



PM:04:25:10/03/2025