"ڕێککەوتنی کۆبانێ و شەرع هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە"

سەرۆکی یەکێتی لەبارەی رێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ڕایدەگەیەنێت" هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە بە ئاڕاستەی بەهێزكردنی پێكەوە ژیان و كاری هاوبەش لە سوریای نوێدا". 

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند" بە گەرمی پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان بەڕێزان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەكەم و ئەمە هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە بە ئاڕاستەی بەهێزكردنی پێكەوەژیان و كاری هاوبەش لە سوریای نوێدا". 

هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە" ئەمە ئاڕاستە دروستەكەیە كە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئێمە لەسەرەتاوە داوامانكرد و كارمان بۆ كرد". 

سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت" ئەم هەنگاوە كە مافی گەلەكەمان لە رۆژئاوا و تەواوی پێكهاتەكان دەپارێزێت، هیواداراین سەرەتایەكی نوێ بێت بۆ بوونیادنانی وڵاتێكی دیموكراتی و گەل پەسەند كە دەستوور بنەمای كاركردن و هاوبەشی بێت". 

لە كۆتایی پەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە" وەك هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی هەوڵەكانی برای بەڕێزم مەزڵوم عەبدی دەكەم لەپێناو بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا". 



AM:09:23:11/03/2025