لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە دەوروبەری بەنداوی تیشرین و قەرقۆزاک منداڵێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و بەرەی قەرقۆزاک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" لە بەرەی قەرقۆزاک دوێنێ تورکیا لە گوندی جەراف سەر بە شارۆچکەی سارین لە لادێی باشووری کۆبانی کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ماڵە مەدەنییەکانی گوندەکەی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا منداڵێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون".
هەروەها هاتووە" لە کاتێکدا بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی گوندەکانی هەنجیر، جادە، بیر حەسو، غۆسق، دیکان، خوێ، سنە، و تەڵتی، سەیفی و قەرقوزاک لە لادێی قەرقوزاک، بە تۆپ و تانک و موشەک هەڵگر و گوللـە هاوەنەکانی قورس و بەشێوەیەکی هەڕەمکی، وەک ئەوەی بە زیاتر لە ٧٠ گولـلەی کردە ئامانج، ئەمەش زیانی زۆری بە ماڵ و موڵکی خەڵکی سڤیل گەیاند، هەروەها فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لادێکانی ڕۆژئاوای قەرقۆزاقی کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە".
هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" لە بەرەی بەنداوی تشرین، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بەردەوام بوون لە تۆپبارانکردنی لادێکانی باشوور و باکووری بەنداوەکە بە تۆپخانەی قورس بە درێژایی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، زیانێکی بەرچاویان بە ماڵە مەدەنییەکان گەیاند، لە کاتێکدا ئاگر لە ژمارەیەک ماڵ کەوتەوە، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکان زنجیرەیەک هێرشیانکردە سەر دەوروبەری بەنداوەکە، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بە درێژایی دوێنێ بەردەوام بوون لە فڕین بەسەر کۆبانێ و عەین عیسا و لادێکانیاندا".